ئێران مەرجی نوێ بۆ دانوستان دادەنێت و ناردنی تیمی بۆ پاکستان ڕاگرت

 تاران گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا وەک بەربەستی سەرەکی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی دەبینێت و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان دەخاتە پێش هەموو گفتوگۆیەک.

ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی بڵاویکردەوە” تاران تا ئێستا هیچ بڕیارێکی بۆ ناردنی تیمی دانوستانکار بۆ ئیسلام ئاباد نەداوە.” ئەم هەڵوێستە نیشانەی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بەو فشارە نوێیانەی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە خراونەتە سەر ئێران.

تیمی دانوستانکاری ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تا ئەو کاتەی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ترەمپەوە بەردەوام بێت، هیچ جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ سنووردارکردنی بەندەرەکانیان.

سەرەڕای چەقبەستوویی دانوستانەکان، ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان تاران و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بووە، بەڵام ئەم پەیامانە تەنها درێژکراوەی خولی یەکەمی دانوستانە بێ ئەنجامەکان بوون.

سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری بێ ئەنجام بوونی دانوستانەکانی پێشوو بۆ "زیادەڕۆییەکانی ئەمریکا" دەگەڕێتەوە. لە ئێستاشدا پاکستان هەوڵی نوێ دەدات بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان، بەڵام تاران سوورە لەسەر ئەوەی بێ لابردنی گەمارۆکان ناچێتە سەر مێزی گفتوگۆ.



PM:07:52:19/04/2026