٨ منداڵ لە ویلایەتێكی ئه‌مریكا لە روداوێکی تەقەکردندا کوژران

بەرپرسانی پۆلیسی شاری شریڤپۆرت لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا ڕایانگەیاند'' لە ئەنجامی تەقەکردنێکی بەکۆمەڵدا هەشت منداڵ کوژراون و تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکەش دوای ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە''

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٦ پۆلیسی شارەکە دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر کێشەیەکی خێزانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و گوتەبێژی پۆلیسی شریڤپۆرت ڕایگەیاندووە کە تاوانەکە سێ ماڵی جیاوازی گرتووەتەوە و دیمەنێکی یەکجار دڵتەزێن و بەرفراوانی هەبووە

تۆمەتبارەکە دەستڕێژی گوللەی لە ١٠ کەس کردووە کە لە ئەنجامدا هەشت منداڵ تەمەن یەک ساڵ بۆ ١٤ ساڵ کوژراون و دوو کەسی دیکەش بە برینداری گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لەو منداڵانە منداڵ و نەوەی خودی بکوژەکە بوون

دوای ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبارەکە ئۆتۆمبێلێکی بە زەبری چەک لە هاووڵاتییەک سەندووە و هەوڵی هەڵاتنی داوە بەڵام هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ ڕاوەدوویان ناوە و لە ئەنجامی پێکدادان و تەقەکردن بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تەواوی بکوژەکە و هۆکاری سەرەکی تاوانەکە بەردەوامن




PM:08:36:19/04/2026