ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕوویدا

میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە‌‌ هێزەکانی ئەمریکا لە دەریای عومان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی و تەقەیان لێکردووە.‌‌

بەگوێرەی ئاژانسی "مێهر"، ئامانجی هێزە ئەمریکییەکان ئەوە بووە کەشتییەکە ناچار بکەن ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت و بەرەو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران بگەڕێتەوە.

ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان واشنتن و تاران وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دەبینرێت. ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، جووڵەکەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسداران تەنگەی هورمزی داخستووە و ڕێگری لە کەشتییە بازرگانییەکانی هیندستان و بەریتانیا کردووە و ناچاری پاشەکشەی کردوون.

سەبارەت بە وردەکاریی ڕووبەڕووبوونەوەکە، میدیای ئێران ڕایگەیاند'' یەکەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.''

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پشتیوانییە خێراکەی هێزە دەریاییەکانی ئێران بۆ کەشتییە بازرگانییەکە وایکردووە هێزەکانی ئەمریکا پاشەکشە بکەن و ناوچەکە جێبهێڵن.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، تا ئێستا هیچ میدیایەکی جیهانی بە فەرمی باسی لێوەنەکردوە و ئەمریکاش ئاماژەی بە ڕووبەڕووبونەوەی لەو شێوەیە نەکردوە.



PM:11:18:19/04/2026