ڕۆژنامەی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە ڕێگای رۆبۆتەوە بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە ئێرانیەکان بڵاوکردوەتەوە.
دوو شەممە، ٢٠ نیسان ٢٠٢٦، کێڤن دۆنیگان، فەرماندەی پێشووی دەستەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاندووە "بەکارهێنانی ئەم ئامێرە بێ سەرنشینانە وادەکات پاککردنەوەی ڕێڕەوێکی دەریایی لە ناو گەرووەکەدا تەنیا چەند رۆژێک بخایەنێت لەبری ئەوەی چەند هەفتەیەک بخایەنێت. هەر کە رێڕەوێکی بچووک پاککرایەوە، کەشتییە بازرگانییەکان دەتوانن لەژێر پاراستنی سەربازیی ئەمریکادا دەست بە هاتووچۆ بکەنەوە".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "ئەمریکا چیتر پشت بە کەشتییە تەقلیدییەکانی مین پاککەرەوە نابەستێت، بەڵکوو سیستەمی هێبرید (تێکەڵە لە مرۆیی و رۆبۆتی) بەکاردەهێنێت. ئەم درۆنە دەریاییانە و ژێردەریاوییە بچووکانە لە رێگەی سۆنارەوە بنکی دەریا دەپشکنن و مینەکان دەدۆزنەوە بەبێ ئەوەی ژیانی دەریاوانەکان بخەنە مەترسییەوە".
بە پێی زانیاریەکانی پسپۆرانی سەربازی کە بە رۆژنامە ئەمریکیەکەیان داوە "ئەگەر یەکێک لەم رۆبۆتانە بە مینێکیشدا بتەقێتەوە، تەنیا زیانی ماددی دەبێت و دەتوانرێت دەستبەجێ دانەیەکی دیکە جێگەی بگرێتەوە".
برایان کلارک، بەرپرسی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا، بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی وتوە "ئەگەر ئەمریکا بتوانێت گەرووەکە پاک بکاتەوە و کەشتییەکان بجووڵێنێت، ئێرانییەکان دەبینن کە کلیلی گەرووی هورمزیان لەدەستداوە، ئەوەش وایان لێدەکات ناچار بن لەسەر مێزی دانوستاندن پاشەکشە بکەن."
بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر ئاشکرایان کردوە کە ئێران لە رێگەی کەشتیی بچووک و بەلەمی راوەماسییەوە لە تاریکیی شەودا مینەکانی چاندووە تاوەکوو لەلایەن راداری کەشتییە جەنگییەکانەوە نەبینرێن.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەش کردوە کە "جگە لە رۆبۆتەکان، ئەمریکا هێشتا سوود لە دۆلفینە مەشقپێکراوەکان دەبینێت کە بەشێکن لە بەرنامەی تایبەتی شیردەرە دەریاییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو مینانەی کە تەنانەت رۆبۆتەکانیش رەنگە بە زەحمەت بیاندۆزنەوە".
ئەم هەڵمەتە وەک وەڵامێکی ئەمریکایە بۆ هەڕەشەکانی ئێران، کە رایگەیاندبوو گەرووەکە تەنیا لە رێگای ئەو ڕێڕەوانەوە کراوەیە کە تاران دیارییان دەکات.