بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی پاکستان پێی راگەیاندوون کە "وڵاتەکەی متمانەی تەواوی هەیە لەوەی بتوانێت لایەنی ئێرانی قایل بکات بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".
دوو شەممە، ٢٠ نیسان ٢٠٢٦، لە هەواڵەکەدا هاتووە ئەو بەرپرسەی پاکستان رایگەیاندوە " ئێمە ئاماژەی ئەرێنیمان لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشتووە، هەرچەندە بارودۆخەکە هێشتا بە تەواوی جێگیر نییە و هەستیارە، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆمان خستووەتە گەڕ تا دڵنیابێتەوە لە ئامادەبوونی شاندی ئێران لەو دانوستانانەی بڕیارە سبەینێ سێ شەممە یان دووسبەی چوارشەممە دەست پێ بکەن".
سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە پاکستان لە پەیوەندییەکی چڕ و بەردەوامدایە لەگەڵ هەریەکە لە تاران و واشنتن. ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی ئیسلامئاباد لە کاتێکدایە کە وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەست، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دیاری کراوە، زۆر نزیک بووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەم شەو ئاژانسی تەسنیم هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە پێداگری بەرپرسانی ئێران لە بەشدارینەکردن لە دانوستاندنەکەی سبەینێ لەگەڵ ئەمریکا لە پاکستان.