نرخی نەوت دادەبەزێت

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕووی لە دابەزین کرد و بەشێک لەو قازانجانەی لەدەستدا کە ڕۆژی ڕابردوو تۆماری کردبوون

نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ٥٤ سەنت دابەزی و گەیشتە ٩٤.٩٤ دۆلار، هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش زیاتر لە دۆلارێک دابەزی و بە ٨٨.٥٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

ئەم دابەزینەی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی دووشەممە نرخەکان بە ڕێژەی ٥٪ بەرزبوونەوەی پێوانەییان تۆمار کرد. هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی لەلایەن ئەمریکا و داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن تارانەوە دەگەڕایەوە، کە نیگەرانییەکی زۆری لای بازرگانان دروست کردبوو سەبارەت بە پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزە.

دابەزینی نرخەکان لە ئێستادا پەیوەستە بەو ئومێدەی کە بازرگانان لەسەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لە پاکستان هەڵیانچنیوە. چاوەڕوانییەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەگەر دانوستانەکان سەرکەوتوو بن، ئاستی گرژییەکان لە کەنداو کەمدەبێتەوە و ئەو بڕە نەوتە زۆرەی لە ناوچەکەدا گیری خواردووە، جارێکی دیکە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێتەوە.





AM:09:41:21/04/2026