تاران ئەمریکا بە هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و هۆشداریی "وەڵامی توند" دەدات

 سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی واشنتن و تەلئەڤیڤ کرد. ئێژەیی ڕایگەیاند'' گەمارۆدانی کەناراوەکانی ئێران و هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای عومان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، بە واتای پێشێلکردنی تەواوی بنەماکانی ئاگربەست دێت و جەختی کردەوە کە ئەم شەڕانگێزییە بێ وەڵام نابێت."

غوڵامحوسێن موحسنی ئێژەیی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران زۆرە. 

داوای لە هێزە چەکدارەکان کرد لە ئامادەباشیی تەواودا بن، چونکە بە گوتەی ئەو "ڕەنگە دانوستانەکان بە هیچ ئەنجامێک نەگەن" و دۆخەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بڕوات.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و ئاسایشی وڵات، ئێژەیی ڕایگەیاند'' دەزگای دادوەری بەبێ ڕێکارە کارگێڕییە ئاڵۆزەکان و بە خێراییەکی زۆر دۆسیەی ئەو کەسانە یەکلایی دەکاتەوە کە "دژی ئاسایشی نیشتمانی" کار دەکەن.''

 ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ توندکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە کاتی تەنگژە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدا دەبینرێت.

لە ئێستادا هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا چاودێرییەکی توندی بەندەرە ستراتیژییەکانی باشووری ئێرانیان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوت. تاران ئەم جووڵانەی ئەمریکا و هێرشەکەی ٢١ـی نیسانی ناو دەریای عومان وەک "کۆتاییهێنان بە ئاگربەستە کاتییەکە" ناودەبات، ئەمەش مەترسییەکانی تەقینەوەی دۆخی ناوچەکەی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزکردووەتەوە.




AM:10:35:21/04/2026