نرخی گەنم لە دوو کیشوەردا بەرز دەبێتەوە


ئاژانسی رۆیتەرز هەواڵێکی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی گەنم لە بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بڵاوکردوەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ "گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" گێڕایەوە.

سێ شەممە، ٢١ نیسان ٢٠٢٦، لە هەواڵەکەدا هاتووە "بەپێی ئامارەکانی بۆرسەی شیکاگۆ، نرخی گەنم بۆ مانگی تەمووزی داهاتوو گەیشتە ٦.٠٦  دۆلار بۆ هەر ربە گەنمێک،  هاوکات لە بۆرسەی یۆرۆنێکست لە پاریس، نرخی گەنمی هاڕاو بۆ مانگی ئایاری داهاتوو بە رێژەی ٪١.١  زیادی کرد و گەیشتە ١٩٣.٥٠  یۆرۆ بۆ هەر تۆنێک".

ئاژانسەکە هۆکاری زیادبوونی نرخی گەنمی گەراندوەتەوە بۆ هەڵکشانی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، وایکردووە خواست لەسەر کڕینی گەنم زیاد بکات، چونکە بازرگانان ترسیان لە تێکچوونی دۆخی ئاسایشی خۆراک هەیە لە کاتی جەنگدا.

یەکێک لە بازرگانانی گرێبەستەکانی داهاتوو بە ئاژانسەکەی وتوە کە  "لە ئێستادا دوو فاکتەری سەرەکی پشتیوانی لە بەرزبوونەوەی نرخی گەنم دەکەن، ئەوانیش کەشوهەوا و جەنگە، وشکەساڵی لە ناوەڕاستی ئەمریکا و سەرمای سۆڵە کاریگەرییان لەسەر بەرهەم هەبووە، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا باران ببارێت و تا رادەیەک دۆخەکە باشتر بێت". 

لە کۆتایی هەواڵەکەا هاتووە کە پێشبینی دەکرێت وڵاتی مەغریب کە کڕیارێکی سەرەکی گەنمی یەکێتی ئەوروپایە، بەهۆی باشبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی، لە مانگی حوزەیران یان تەمموزدا هاوردەکردنی گەنم رابگرێت، ئەمەش وایکردووە کە ئاستی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئەوروپا تا رادەیەک سنووردار بێت.




PM:03:33:21/04/2026