"ئێران تۆمەتی سیخوڕی دەداتە پاڵ دەستگیرکراوان"


هەڵمەتی "سێشەمەکان نا بۆ لەسێدارەدان" راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە دۆخی دەستگیرکراوان لە ناو زیندانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەڵێت "ڕژێمی ئێران هەوڵی تۆمەتبارکردنی دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە دەدات بە تۆمەتی سیخوڕی، هەروەها تەرمی زیندانییە لەسێدارەدراوەکان نەدراوەتەوە بە کەسوکارەکانیان". 

سێ شەممە، ٢١ نیسان ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە "ڕۆژی ڕابردوو ڕژێمی مرۆڤکوژی ئێران دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی بە ناوەکانی حەمەد وەلیدی و محەمەد مەعسوم شاهی لەسێدارەدا، ڕژێمی جەلادخواز هەوڵی تۆمەتبارکردنی زیندانییان و دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران بە سیخوڕی و پەیوەندیکردنیان بە ئیسرائیل دەدات بۆ ئەوەی پاساو بۆ لەسێدارەدانەکانی لە سەردەمی جەنگدا بهێنێتەوە".

هەڵمەتی سێشەماکان نا بۆ لە سێدارەدان وتوشیەتی "ڕژێمی خوێنڕێز هێشتا تەرمی هیچ کام لەو شەهیدانەی ڕێگای ئازادی و یەکسانی بۆ بنەماڵەکانیان نەگەڕاندووەتەوە کە لەسێدارە دراون، بەم شێوەیە بنەماڵەکان کەوتوونەتە بەر ئەشکەنجەی دەروونی و سۆزداری".

" ئەو تۆمەتانە خراوەتە پاڵ هاوڵاتییان و بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەر بۆ ئازادی و یەکسانی کە هەموو ژیانیان لەپێناو ئەو دۆزەدا بووەتە قوربانی، کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەیە نەک خزمەتی گشتی" لە راپۆرتەکەدا وا هاتووە.

هەڵمەتی سێشەمەکان نا بۆ لەسێدارەدان ئەوەشی خستۆتە روو "حکومەتی ناڕەوای وڵاتەکە، بۆ ئەوەی کەشێکی تیرۆر لە کۆمەڵگەدا دروست بکات، پەنا دەباتە بەر لەسێدارەدانی سیستماتیک لەپێناو ڕێگریکردن لە ڕاپەڕین و شۆڕش، ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە ناڕازییە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران لە ژووری تاکەکەسی و لە زیندانەکانی ڕژێمدان، زۆربەی ئەو زیندانییانە گەنجن و ژیانیان لە مەترسییەکی گەورەدایە".

لە کۆتاییدا هەڵمەتی نا بۆ سێشەمە لەسێدارەدان داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە "ژیانی زیندانیانی سیاسی لەژێر سزای لەسێدارەدان ڕزگار بکەن و داوای گوشاری جدی و کردەیی بۆ سەر حکومەتی ئێران دەکەین، هەروەها داوا لە هەموو چالاکوانانی مافی مرۆڤ و سیاسی دەکەین، بە هەر شێوەیەک بتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سەرکوتانە".

هەڵمەتی سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ٩ کانوونی دووەمی ٢٠٢٣،  وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەمەیەک ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.




PM:04:04:21/04/2026