لە دوو سەرچاوەوە راپۆرت بڵاوکراوەتەوە کە بەرپرسانی پاکستان داوایان لە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کردوە کە واز لە زمانی هەڕەشە و لێدوانی توند دژی ئێران بهێنێت تا دانوستاندنەکان سەرکەوتووبن.
سێ شەممە، ٢١ نیسان ٢٠٢٦، رۆژنامەی واشنتن پۆست و ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویان کردوەتەوە کە "حکومەتی پاکستان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد ئەنجامێکی ئەرێنی لێ بکەوێتەوە. پاکستان پێی وایە زمانی توندی ترەمپ و هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ وێرانکردنی ئێران، دەبێتە بەربەست لەبەردەم تیمی دانوستانکاری تاران و متمانەی دیپلۆماسی لە ناو دەبات".
"یەکێک لە نیگەرانییە گەورەکانی نێوەندگیرەکان، شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپە لەگەڵ گفتوگۆکانی پشت پەردە. ترەمپ بەوە ناسراوە کە هیچ نهێنییەک لای ئەو نامێنێتەوە و چێژ لەوە وەردەگرێت کە وردەکارییە هەستیارەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات" راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان وا دەڵێن.
بۆ نموونە، ترەمپ پێشتر بە ئاشکرا وتی کە ئێران وەک نیازپاکی هەشت کەشتی نەوتی پێداوە و وەک بازرگانێک جەختی کردەوە کە "ئەو نەوتی دەوێت"، هەروەها چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێرانییەکان "تکا دەکەن" دانوستانی لەگەڵ بکەن، ئەمەش لایەنی ئێرانی تووڕە دەکات.
داواکارییەکەی پاکستان لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی پێنج شەممە، کاتژمێر ٣:٠٠ بە کاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ئاگربەست دێت، بەرپرسانی پاکستان دەیەوێت کەشێکی ئارام بۆ دانوستاندنەکان بڕەخسێنن.