دوای ماوەیەکی کەم لە پەیامە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە تیایدا ڕایگەیاندبوو کە" ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگرێت "و ئاگربەستی ئێستا لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی پاکستان درێژدەکاتەوە، ئاژانسێکی هەواڵی نزیک لە سوپای پاسداران کاردانەوەی بەرامبەری نیشاندا.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نووسیویەتی، "زانیاری" ئاژانسی هەواڵیی لە "سەرچاوەی جۆراوجۆر"ەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی نەکردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامە نوێیەکەیدا نووسیویەتی، سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەست، فەرمانی بە هێزە سەربازییەکان کردووە کە بەردەوام بن لە گەمارۆکانیان "و لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادە و بەتوانا بمێننەوە.”
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نزیک لە سپای پاسداران، ئاماژەی بەم بابەتە کردووە و نووسیویەتی " بەردەوامی گەمارۆی دەریایی بە واتای بەردەوامیی دوژمنایەتی؛ ئێران تا گەمارۆی دەریایی بەردەوام بێت، گەرووی هورمز ناکاتەوە، لانیکەم و ئەگەر پێویست بکات بە زۆر گەمارۆکە دەشکێنێت".
تەسنیم لە درێژەی قسەکانیدا وتی " ئەگەر ئەمریکا بیەوێت سێبەری شەڕ بپارێزێت، پێویستە گەرووی هورمز بە تەواوی داخراو بزانێت".