گوا جاکن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڕایگەیاند'' دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی ئێجگار هەستیاردا تێدەپەڕێت و لە نێوان جەنگ و ئاشتیدا ماوەتەوە.''
چین پێیوایە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، ناوچەکەی لە چارەنووسێکی نادیار هێشتووەتەوە، بەڵام هاوکات وەک ئامرازێک دەیبینێت بۆ ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و خوێنڕشتن.
شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ماوەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی بەرانبەر بە ئێران درێژکردەوە. وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە "دەرفەتێکی دیکەیە" بۆ سەرکردایەتی ئێران تا کاتێکی زیاتریان لەبەردەست بێت بۆ ئامادەکردنی پێشنیازەکانیان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ٤٠ ڕۆژ لە جەنگێکی توند دێن کە لە ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦ـەوە دەستی پێکرد. هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە هەردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد کۆببنەوە، بەڵام هێشتا تاران مکوڕە لەسەر نەناردنی شاند و بێمتمانەیی خۆی نیشان دەدات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ئاگربەست، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا وەک خۆی بەردەوامە.