ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و ئەندامی باڵای تیمی دانوستانکار، ڕایگەیاند'' بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست تەنیا بۆ کڕینی کاتە".
ئەو پێیوایە واشنتن دەیەوێت لەم دەرفەتە سوود وەربگرێت بۆ ئامادەکاریی و وەشاندنی "گورزێکی کتوپڕ و غافڵگیرانە" بۆ سەر ئێران، نەک بۆ گەیشتن بە ئاشتی.
ڕاوێژکارەکەی قالیباف جەختی کردەوە کە بەردەوامیی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەر و کەناراوەکانی ئێران، لە ڕووی کاریگەرییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بۆردوومانی ڕاستەوخۆ نییە. محەمەدی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە و پێویستە "وەڵامی سەربازیی" بۆ ئەو گەمارۆیانە هەبێت کە ئابووری و بژێوی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دایە ئەمریکا. سوپا ڕایگەیاند'' لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەر شەڕێکی نوێدا، ستراتیژیی خۆی دەگۆڕێت و چڕیی هێرشەکانی بۆ سەر "دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە تەواوی ناوچەکەدا زیاد دەکات.'' ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کردنە ئامانجی بنکە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا.