نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٦، بەردەوامیی بە بەرزبوونەوەکانیدا و ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد. لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە ١٠٠ دۆلارەوە بازدای بۆ سەروو ١٠٣ دۆلار.

هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان ئاراستە بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو ٩٤ دۆلار.

سەڕەڕای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە، بەڵام دۆخی مەیدانی لە ئاوەکانی کەنداو ئاڵۆزتر بووە. هەردوو وڵات پەنایان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکانی یەکدی بردووە.

تاران و واشنتن بە کردەیی هاتوچۆی دەریاییان لە تەنگەی هورمز سنووردار کردووە، ئەمەش ترسی گەورەی لای بازرگانانی وزە دروست کردووە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە، لە بەرامبەریشدا هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە سێ کەشتیی ئێرانی کردووە کە نزیکی تەنگەی هورمز ببنەوە. ئەم "شەڕی دەستبەسەرداگرتنە" وایکردووە کە ئاگربەستە ڕاگەیەندراوەکە تەنیا لەسەر کاغەز بمێنێتەوە و مەترسیی پچڕانی هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان زیاد بکات.

محەمەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند'' درێژکردنەوەی ئاگربەست بێ مانا دەبێت ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کەشتییە ئێرانییەکان بەردەوام بن.''

تاران جەخت دەکاتەوە کە لابردنی گەمارۆ دەریاییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە بایەخی هەبێت و ببێتە زەمینەیەک بۆ دانوستانە سیاسییەکان.



AM:10:00:23/04/2026