دۆناڵد ترەمپ: هیچ پەلەم نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دژی ئێران

‌دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس پەیامێکی دژی ئێران بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "هەموو کاتی جیهانم لەبەردەستدایە، بەڵام ئێران کاتی نییە".

پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "بۆ ئەو کەسانەی - کە ژمارەیان ئێستا لە هەمیشە کەمترە - نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو دەخوێننەوە، یان سەیری هەواڵە ساختەکانی سی ئێن ئێن دەکەن، کە پێیان وایە من 'پەلەمە' کۆتایی بە جەنگەکە لەگەڵ ئێران بهێنم (ئەگەر ناوی بنێیت جەنگ!)، تکایە ئاگادار بن کە رەنگە من کەمترین گوشارم لەسەر بێت لە مێژووی ئەم پۆستەدا. من هەموو کاتی جیهانم لەبەردەستدایە، بەڵام ئێران کاتی نییە — کات بەرەو تەواوبوون دەڕوات".

"هێزی دەریایی ئێران لە بنی دەریا کەوتووە، هێزی ئاسمانییان وێران کراوە، چەکی دژەفڕۆکە و راداریان نەماوە، سەرکردەکانیان چیدیکە لەگەڵمان نین، گەمارۆکە تووند و بەهێزە و لەوەش خراپتر دەبێت — کات لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە"، سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.
 
لە بارەی رێککەوتنەوە ترەمپ وتویەتی "رێککەوتن تەنیا کاتێک دەکرێت کە گونجاو بێت و بۆ ئەمریکا، هاوپەیمانەکانمان و لە راستیدا بۆ تەواوی جیهان باش بێت".

لە ٨ نیسانەوە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دوای ٣٨ ڕۆژ بە هۆی ئاگربەستەوە وەستاوە و دۆخی قۆناغی دووەمی دانوستاندنەکانیش تا ئێستا بە چەقبەستوویی ماوەتەوە.  




PM:10:29:23/04/2026