وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ڕێککارەکانیان لە گەرووی هورمز دەڵێت " ئەو رێکارانەی سەبارەت بە گەرووی هورمز گیراونەتەبەر لە ڕووی یاساییەوە تەواو دروستن".
پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند "ئێران وەک وڵاتێکی کەناراو، لە کاتی کەوتنە مەترسیی ئاسایشی نەتەوەییدا، مافی خۆیەتی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی گەرووی هورمز، ئەم بڕیارانە لە دۆخێکدا دراون کە ئێران لە ماوەی ٣٠ بۆ ٤٠ رۆژی جەنگدا، بە هۆی خراپ بەکارهێنانی ئەم رێڕەوەوە زیانی زۆر قورسی بەرکەوتووە".
"ئامانج لەم رێوشوێنانە، دۆزینەوە و دروستکردنی میکانیزمێکە کە تێپەڕبوونێکی سەلامەت و بەردەوام بە ناو گەرووەکەدا دەستەبەر بکات و ئاستی بەرپرسیارێتی لە بەڕێوەبردنی ئەم رێڕەوە ستراتیژییەدا بەرز بکاتەوە"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وا دەڵێت.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ شوبات، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، لە هەمان کاتدا ئەمریکاش گەمارۆی گەروەکەی داوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە ٪٢٠ بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.