واشنتن پۆست: پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مینە چیندراوەکان ٦ مانگی دەوێت


رۆژنامەی واشنتن پۆست راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە کە زانیاری لە سێ سەرچاوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وەرگرتوە و باس لە پاککردنەوەی گەرووی هورمز دەکات لە مینە چێندراوەکانی ئێران.

هەینی، ٢٤ نیسان ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە " بەشێک لەو مینانە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای جی پی ئێس دانراون، ئەمەش وایکردووە دەستنیشانکردنیان قورستر بێت، هەندێکی دیکەشیان بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک دانراون"، بەڵام وتەبێژی پنتاگۆن بە ڕۆژنامەکەی راگەیاندوە "ئەو زانیارییانە دروست نین".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە "ئەو ماوەیەی کە پێشبینی کراوە بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکانی نەوت لە جیهاندا دەبێت".

پێشتر سوپای پاسداران لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا هۆشداری دابوو لە بوونی ناوچەیەکی مەترسیدار کە ڕووبەرەکەی هەزار ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە لە گەرووەکەدا و هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد کە "تاران هەموو مینە دەریاییەکانی لادەبات"، بەڵام تا ئێستا ئێران ئەو زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 




AM:10:54:24/04/2026