وەزیری بەرگریی ئەمریکا: گەمارۆی سەر ئێران توندتر دەکەین

وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاند”!هێزی دەریایی ئێرانیان بە تەواوەتی تێکشکاندووە و گەمارۆی سەر ئەو وڵاتە دەچێتە قۆناغێکی توندترەوە.” 

پێت هێگسێس جەختی کردەوە کە هیچ شتێک ناچێتە ژوورەوە و ناچێتە دەرەوەی ئێران، تائێستا ٣٤ کەشتی لە تەنگەی هورمزەوە گەڕێنراونەتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە گەمارۆکە ڕەهەندێکی جیهانیی وەرگرتووە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە زمانێکی توند باسی لە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی کرد و وتی” ئێمە حساب بۆ ئەوروپا ناکەین." ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوروپا و ئاسیا بۆ چەندین دەیەیە بە خۆڕایی سوودمەند بوون لە پاراستنی ئەمریکا، بەڵام ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە. 

هێگسێس جەختی کردەوە کە هاوپەیمانێتی دەبێت شەقامێکی دوولایەنە بێت و پێویستە هاوپەیمانەکان دڵسۆز و بەتوانا بن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، پێت هێگسێس ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن بە وردی و لە نزیکەوە چاودێریی ئەو هێرشانە دەکات کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخێکی نەسەقامگیردایە و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر خاک و ئاسایشی هەرێم هەیە.




PM:07:48:24/04/2026