دوای ئەوەی شەوی رابردوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ئیسلام ئاباد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە بارەی ئەو سەردانەوە دەڵێت "ئامنجی سەردانەکە گەیاندنی پەیامەکانە بە لایەنی پاکستانی و لەگەڵ ئەمریکا کۆنابینەوە".
شەممە، ٢٥ نیسان ٢٠٢٦، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پاکستان کۆ دەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەوڵە نێوەندگیرییەی ئیسلام ئاباد دەیگێڕێت".
وتەبێژەکەی وەزارەت دەرەوە ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی عێراقچی "کۆتاییهێنانە بەو شەڕە سەپێندراوەی ئەمریکا بەرپای کردووە لەگەڵ گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە".
"هیچ پلانێک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەمریکا و سەرجەم تێبینی و پەیامەکانمان دەدرێنە بەرپرسانی پاکستان بۆ ئەوەی بیگەیەننە ئەمریکا"، ئیسماعیل بەقایی وا دەڵێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشكی سپی، رۆژی هەینی، ٢٤ی نیسان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، رۆژی شەممە، ٢٥ـی نیسان، دەگەنە پاکستان".
هەر دوێنێ بەرپرسێکی باڵای پاکستان بۆ کەناڵی ABC NEWS ئەمریکای ئاشکراکردوە "شاندەکەی ئەمریکا و شاندەکەی ئێران بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان کۆدەبنەوە، ئەگەر کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و ئەنجامەکەیان باش بوو، ئەو کاتە شاندەکانی هەردوولا رۆژی یەکشەممە رووبەڕوو کۆدەبنەوە".
شەوی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە ئیسلامئاباد.