ناتانیاهۆ فەرمانی هێرشی توندی دەرکرد

شەممە ٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٦، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە فەرمی داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵڵا لە ناو خاکی لوبنان بە هێزێکی زۆرەوە چڕ بکەنەوە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە حزبوڵڵا بە موشەک و درۆن چەند شوێنێکی ناو ئیسرائیلی کردە ئامانج، لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل ناوچەی "یەحمەر ئەلشەفیق"ی لە قەزای نەبەتیە بۆردومان کرد و بەهۆیەوە ٤ هاووڵاتی لوبنانی گیانیان لەدەستدا.

ئەم گرژییە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی ٢٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند'' لە کۆبوونەوەیەکی "مێژوویی"دا لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە.''

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هاوکاری حکومەتی لوبنان دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا میوانداریی ناتانیاهۆ و جۆزێف عەون بکات.


سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕووخاندنی باڵەخانەکان لە گوندە سنوورییەکانی باشووری لوبنان. هەروەها سوپا هۆشداریی توندی داوەتە ئاوارە لوبنانییەکان کە نەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و سێ دۆڵی دەوروبەری ناوچە جەنگییەکان، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دۆخە ئەمنییەکە هێشتا جێگیر نییە و ئەگەری پێکدادانی زیاتر لە ئارادایە.





PM:11:57:25/04/2026