سەرۆکی پێشووی سوریا، بەشار ئەسەد، بە شێوەی نا ئامادەبوو لەگەڵ ماهر ئەسەدی برای لە یەکەمین دانیشتنی "دادپەروەری راگوزەر" لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دادگایی کران.
یەک شەممە، ٢٦ نیسان ٢٠٢٦، لە بارەی دادگاییکردنەکەوە سەرچاوەیەک لە دادگای دیمەشق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "ئەم دانیشتنە سەرەتایەکە بۆ ئامادەکارییەکانی دادگاییکردنی بەشار ئەسەد و ماهر ئەسەدی برای بە نائامادەیی، هەروەها دادگاییکردنی ئامادەیی بۆ چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی، کە لە سەروویانەوە عاتیف نەجیب وەستاوە، کە لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ دا دەستگیرکرابوو".
"ئەمڕۆ یەکەمین دادگاییکردنی دادپەروەریی راگوزەر لە سوریا دەستپێدەکەین، کە تۆمەتباری دەستگیرکراو و تۆمەتباری هەڵاتووی لە رووی دادپەروەری تێدایە"، فەخرەدین عەریان، دادوەری دادگای تاوانەکان، دانیشتنەکەی بەو رستەیە دەستپێکرد، پاشان ناوی لیستێکی درێژی لە بەرپرسانی رژێمی پێشوو خوێندەوە کە بە غیابی دادگایی دەکرێن، لە سەروویانەوە بەشار ئەسەد.
بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا، دوای ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەرەو رووسیا هەڵات. ئەمەش کۆتایی بە حوکمڕانی ٥٠ ساڵەی بنەماڵەکەی و ٢٤ ساڵەی خۆی هێنا.