سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانە نوێیەکانیدا بۆ فۆکس نیوز ڕایگەیاند'' توانای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بە ڕێژەی ٨٠٪ بۆ ٨٢٪ زیانی بەرکەوتووە.''
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە تاران لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە و ژێرخانی سەربازییان بەرەو پەککەوتن دەچێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گەمارۆ توندەی خستوویانەتە سەر ئێران کاریگەرییەکی "سەرسوڕهێنەری" هەبووە، بە جۆرێک کە تاران چیدی ناتوانێت هیچ پارەیەکی زیادە بەدەستبهێنێت. ترەمپ وتیشی: "ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە لەژێر فشارێکی زۆردایە، بەڵام گەورەترین فشار لەسەریان، هێزە سەربازییە سەرکەوتووەکەی ئەمریکایە."
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا ستایشی تواناکانی سوپای وڵاتەکەی کرد و وتی"سوپایەکی سەرسوڕهێنەرمان هەیە و ئەوەمان لە ڤەنزوێلا و ئێران سەلماندووە." ئەم لێدوانانە ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان و فشارە سەربازییەکانی واشنتن لە دوو ناوچەی جیاوازی جیهاندا، ترەمپ بە ناڕاستەوخۆ هۆشداری دا کە "دەبینین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات."
سەبارەت بە ڕۆڵی چین، ترەمپ ڕایگەیاند'' ڕەنگە پەکین هەوڵی هاوکاریی ئێران بدات، بەڵام پێی وانییە ئەو هاوکارییە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ دروست بکات.''