پاکستان جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دەکاتەوە

یەکشەممە، ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٦، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە پەیامێکی فەرمیدا سوپاسی "ئارامگری و هاوکاری"ی گەلی پاکستان و بەتایبەتی دانیشتووانی شاری ئیسلام ئابادی کرد.

ئەم سوپاسگوزارییە دوای ئەو قەرەباڵغی و ڕێکارە ئەمنییە توندانە دێت کە بەهۆی میوانداریکردنی وەفدە باڵاکانی ئێران و ئەمریکا لە پایتەختی ئەو وڵاتە گیرابوونە بەر.

ئیسحاق دار جەختی لەوە کردەوە کە پاکستان وەک هێزێکی ناوچەیی، پابەندە بە بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری. ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، ئیسلام ئاباد نایەوێت دەستبەرداری ڕۆڵی نێوەندگیری ببێت لە نێوان تاران و واشنتندا، کە ئێستا ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.

ئەم هەڵوێستەی پاکستان دوای سەردانە فەرمییەکەی عەباس ئێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دێت بۆ ئیسلام ئاباد لە ڕۆژی شەممە ٢٥ـی نیسان. ئێراقچی لەو سەردانەدا مەرج و دیدگای کرداریی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕادەستی بەرپرسانی پاکستان کرد، تا وەک لایەنی نێوەندگیر کاری لەسەر بکەن و بیگەیەننە لایەنی ئەمریکی.

پاکستان لە ١١ـی ئەم مانگەوە (نیسان) بووەتە چەقی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران. هەرچەندە تا ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە نەکراوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن. جەنگی نێوان ئەم دوو وڵاتە کاریگەریی قووڵی کردووەتە سەر بازاڕەکانی وزەی جیهانی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر بۆیە هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد لە ژێر چاودێرییەکی وردی نێودەوڵەتیدایە.





PM:09:45:26/04/2026