ئێران: ناکرێت گەرووی هورمز بۆ مەبەستی دوژمنکارانە بەکاربهێنرێت

ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی دووشەممە جەختی لەوە کردەوە کە ناتوانرێت گەرووی هورمز بۆ مەبەستی دوژمنکارانە بەکاربهێنرێت.

ئیروانی لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند" کە ئێران هەمیشە پابەند بووە بە ئازادیی کەشتیوانی و ئاسایشی دەریایی لە کەنداوی فارس، گەرووی هورمز و دەریای عومان."

ناوبراو زیادی کرد: ئێران لایەنێکی پەیماننامەی یاسای دەریایی ساڵی ١٩٨٢ نییە و تەنیا لە چوارچێوەی ڕێسا داب و نەریتی نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکاندا پێیەوە پابەندە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕێکی تەواویان لە دژی ئێران دەستپێکردووە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە سەپاندنی گومرگی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەسەر ئەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا ​​تێدەپەڕن، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و خوازیاری کردنەوەی دەستبەجێی گەرووەکە بوو.

کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە پشتڕاستی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پێشنیارەکانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ئاگادار کراوەتەوە.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە" ترەمپ پێشنیاری نوێی ئێرانی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی خۆی تاوتوێ کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆشکی سپی هیچ زانیارییەکی لەسەر پێشکەوتنی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی مین لە گەرووی هورمز نییە."

داتاکانی کەشتیوانی کە ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی تایمز بڵاوی کردۆتەوە دەریانخستووە کە هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بە پەککەوتوویی ماوەتەوە و زیاتر لە ٦٠٠ کەشتی بازرگانی گەورە لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە، چونکە ئێران ڕێکاری توندتری بۆ تێپەڕاندنی کەشتییە ڕێگەپێدراوەکان سەپاندووە.




AM:12:04:28/04/2026