نەتانیاهۆ: پڕۆسەی لەناوبردنی ژێرخانی حزبوڵڵا بەردەوامە و کاتی دەوێت

 سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند'' سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی تونێلێکی "زەبەلاح"ی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی بتەقێنێتەوە.''


بنیامین نەتانیاهۆ، جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بە ئامانجی تێکدانی تەواوی ژێرخانی سەربازیی ئەو حزبە و بە ئامانجگرتنی چەکدارەکانیان بەردەوامی دەبێت.

سەبارەت بە هەڕەشەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ڕێنمایی تایبەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مەترسییانە دەرکردووە، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە "کاتیان دەوێت" تاوەکو هەموو ئامانجەکانیان بە شێوەیەکی کۆتایی دەپێکن.


ڕوونیکردەوە کە هێزەکانیان لە ناوچەی ئەمنی باشووری لوبنان، بە هەردوو دیوی باکوور و باشووری ڕووباری لیتانی، لە کار چالاکییەکانیان بەردەوامن.

ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو لە نزیک سنوورەکانی باکوور، تۆڕێکی بەرفراوانی تونێلەکانی حزبوڵڵایان دۆزیوەتەوە. بە وتەی سوپا، ئەو تونێلانە لەلایەن هێزە بژاردەکانی حزبوڵڵاوە بۆ مەبەستی سەربازی و هێرشکردن بەکارهێنراون، کە ئێستا بوونەتە ئامانجی سەرەکی هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.



PM:11:35:28/04/2026