پەرلەمانی ئەوروپا داوای ئازادکردنی نێرگز محەمەدی دەکات

سەرۆکی شاندی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە وتارێکی تونددا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی نێرگز محەمەدی، نەسرین ستوودە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی تری لە ئێران کرد.

هانا نۆیمان، جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپا نابێت چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکەن لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا.

نۆیمان بە ئاماژەدان بە دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە پاکستان، مەرجی توندی بۆ هەر جۆرە ڕێککەوتنێک دانا و ڕایگەیاند کە پێویستە تاران کۆتایی بە لەسێدارەدانەکان بهێنێت و ئینتەرنێت چالاک بکاتەوە.

بە بڕوای ئەو، هیچ مامەڵەیەک لەلایەن ئەوروپاوە شەرعیەتی نابێت ئەگەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان لە ناوخۆی ئێراندا باشتر نەکرێت.

لەکاتێکدا نیگەرانییەکان بۆ تەندروستی نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، بەهۆی بێبەشکردنی لە چارەسەری پزیشکی ڕوو لە زیادبوونە، نۆیمان داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەوروپا کرد فشارە دیپلۆماسییەکان چڕبکەنەوە. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە خراپی دۆخی تەندروستی چالاکوانان لە ناو زیندانەکانی ئێراندا دەکەن.



AM:12:07:29/04/2026