نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران لە سەرەتای شەڕەوە ٢١ کەسی لەسێدارە داوە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی نیسان ڕایگەیاند، لە کاتی دەسپێکی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران لانیکەم ٢١ کەسی لەسێدارە داوە و زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسی دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتای شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران "لانیکەم ٩ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی کۆتایی زستان، ١٠ کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپە نەیارەکان، و دوو کەسیش بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە دراون".

ئەم دامەزراوەیە لە بەیاننامەیەکدا ئەوەشی زیاد کردووە، "هەر لەو ماوەیەدا مەزندە دەکرێت زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی دەستبەسەر کرابێتن".

پێشتر، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداری دابوو کە ئاگربەستە کاتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانن ڕێگری لە پەرەسەندنی قەیرانی مرۆیی بکەن و هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئێران هێشتا لەبەردەم مەترسی جەنگ و سەرکوتکردندان.

گرووپەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەڵێن ئێران زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی بەپێی ژمارەی دانیشتووان لە جیهاندا هەیە و دوای چین، کە ئامارێکی باوەڕپێکراوی لەبەردەستدا نییە، زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە نێوان وڵاتاندا هەیە.




PM:12:58:29/04/2026