ترەمپ و سێنتکۆم تاوتوێی لێدانی سەربازیی "کوشندە" بۆ سەر ئێران دەکەن

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن فەرماندەی سێنتکۆمەوە نوێترین پلانە سەربازییەکان دژی ئێران وەربگرێت.

فەرماندەیی ناوەندی چەند بژاردەیەکی توندی خستووەتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا، لەوانە وەشاندنی هێرشی خێرا بۆ سەر ژێرخانی ئێران، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆم، و بڵاوکردنەوەی هێزی زەمینی لە ناوچە ستراتیژییەکاندا.

دۆناڵد ترەمپ، کە پێشتر گەمارۆی دەریایی بە کاریگەرتر دەزانی، ئێستا بژاردەی سەربازی وەک فشارێکی کۆتایی دەبینێت و هەڕەشەی وەشاندنی "لێدانی کوشندە" دەکات ئەگەر تاران نەێتە ژێر باری داواکارییەکان. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە واشنتن دەیەوێت لە ڕێگەی هێزەوە چەقبەستوویی دانوستانەکان بشکێنێت و تاران ناچاری پاشەکشە بکات.

لە بەرامبەردا، بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیدان و نیگەرانی ئەوەن کە ئێران لە وەڵامی گەمارۆ دەریاییەکاندا، هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. جێی وەبیرهێنانەوەیە کە زانیارییەکانی پێشووی فەرماندەی سێنتکۆم بۆ ترەمپ، ببووە هۆی دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران لە شوباتی ڕابردوودا.



AM:09:33:30/04/2026