نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە

بەهۆی توندبوونی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا و پەککەوتنی تەواوەتی گەرووی هورمز، نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد و گەیشتە ١٢٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم هەڵکشانە خێرایە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە داخستنی گەورەترین ڕێڕەوی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، کە بووەتە هۆی دروستبوونی شڵەژانێکی گەورە لە دابینکردنی نەوتدا.

شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە تەنها سەرەتایە و ئەگەر گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوام بن، پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت ئاستی ١٤٠ دۆلار ببەزێنێت.

ئەمەش مەترسییەکی جدییە بۆ سەر داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتانەی کە پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی دەبەستن و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی تێچووی گواستنەوە و کاڵاکان.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، ترسێکی گەورە لای وەبەرهێنەران دروستبووە کە جیهان بەرەو قۆناغێکی توندی هەڵاوسان و سستبوونی بازرگانی هەنگاو بنێت. بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سێکتەرە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان و بژێوی هاووڵاتییان لەسەرانسەری جیهاندا.



AM:10:35:30/04/2026