سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وەڵامێکی تونددا بۆ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند'' پێشبینییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ تەقینەوەی بیرە نەوتەکانی ئێران پووچەڵ بوونەتەوە.''
محەمەد باقر قالیباف، ئاماژەی بەوە کرد کە سێ ڕۆژ بەسەر هەڕەشەکانی ترەمپدا تێپەڕی و هیچ بیرێک نەتەقیوەتەوە، تەنانەت ئامادەیی نیشاندا کە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژی دیکە دیمەنی ڕاستەوخۆی بیرەکان پەخش بکەن بۆ سەلماندنی شکستی ئەو تیۆرییە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی لەو ئامۆژگارییانە گرت کە ئیدارەی ترەمپ لە کەسانی وەک "بیسنت" وەریدەگرن و ڕایگەیاند کە پەیڕەوکردنی تیۆری گەمارۆدان تەنها دەبێتە هۆی شڵەژانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی ١٢٠ دۆلار.
هۆشداریی دا کە وێستگەی داهاتووی نرخەکان ١٤٠ دۆلار دەبێت و کێشە سەرەکییەکە لە عەقڵیەتی ئیدارەی ئەمریکادایە نەک لە تیۆرە سیاسییەکاندا.
ئەم کاردانەوەیەی قالیباف دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەهۆی ڕاوەستانی هەناردە و پەککەوتنی بیرەکان، لە ماوەی سێ ڕۆژدا بیرە نەوتەکانی ئێران لە ناوخۆوە دەتەقنەوە. بەڵام بەرپرسانی تاران ئەمە وەک جەنگێکی دەروونی دەبینن و پێیان وایە گەمارۆ دەریاییەکان زیاتر زیان بە ئابووری جیهانی و بەکاربەرانی نەوت دەگەیەنێت.