ئێران خۆپیشاندەرێکی تەمەن ٢١ ساڵی لەسێدارە دا

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی هەواڵی لەسێدارەدانی یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەرانی زستانی رابردووی بە ناوی ساسان ئازادوار لە ئەسفەهان ڕاگەیاند.

بەپێی ئەوەی ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەری بڵاویکردووەتەوە، ساسان ئازادوار بە تۆمەتی «محاربه» (دژایەتیکردنی خودا) لەسێدارەدراوە.

میزان تاوانەکەی بە «هاوکاریی کاریگەر لەگەڵ دوژمن لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پۆلیس، تێکدانی ئۆتۆمبێلی پۆلیس، هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتار و هاندانی کەسانی دیکە بۆ پشێوی و ئاژاوە» لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەسفەهاندا لەقەڵەم داوە.


ماڵپەڕی مافی مرۆڤی "هەنگاو" ناوبراوی وەک وەرزشوانێکی کاراتی و پاڵەوانی کاراتی پارێزگای ئەسفەهان ناساندبوو. 

لە هەفتەکانی ڕابردوودا و دوای دەستپێکردنی جەنگ، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕۆژانە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانیانی سیاسی و دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکانی رابردوو.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رۆژی ٢٩ی نیسان لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی خۆی لە پرۆسەی لەسێدارەدانەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە لانیکەم ١٩ کەس لە هەفتەکانی ڕابردوودا لەسێدارەدراون و چەندین حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان ڕاپۆرت کراون.

غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەری، بەم دواییانە وتبووی پێویستە دادگاکان «لە دەرەوەی ڕێڕەوی ئاسایی» و بە خێرایی پێداچوونەوە بە دۆسیەی دەستگیرکراواندا بکەن.




PM:05:14:30/04/2026