نوسینگەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، یسرائیل کاتس راگەیاندراوێکی سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران جارێکی دیکە بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "رەنگە لەم نزیکانەدا ناچار بین جارێکی دیکە بجووڵێینەوە بۆ دڵنیابوونەوە".
پێنج شەممە، ٣٠ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرکردایەتیی هەوڵەکان دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی هەڵمەتەکە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لە داهاتوودا ئێران نابێتەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا و جیهانی ئازاد".
"ئێمە پاڵپشتی لەو هەوڵە دەکەین و یارمەتیی پێویستیش پێشکێش دەکەین، بەڵام رەنگە لەم نزیکانەدا ناچار بین جارێکی دیکە بجووڵێینەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە"، وەزیری بەرگری ئیسرائیل وا دەڵێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە راگەیەنەراوێکدا، جەختی لە پابەندبوونی پتەوی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە ئاسانکاریکردن لە پرۆسەی دیالۆگی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.