ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا جارێکی دیکە ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و نرخەکەی ١١١ دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ گەیشتنە بنبەستی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان.
بەپێی داتاکانی بۆرسەی جیهانی وزە، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.٠٨٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١١١ دۆلار و ٥٩ سەنت، هاوکات نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسیش بە هەمان شێوە بەرزبووەوە و گەیشتە ١٠٥ دۆلار و ٤٦ سەنت.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"یان ڕاگەیاندووە'' چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی ١٨٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕێکبکەون بە مەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی و ڕێگریکردن لە بازدانی زیاتری نرخەکان.''
هاوکات، تۆنی سایکامۆر کە شرۆڤەکاری بازاڕە لە کۆمپانیای "ئای جی" ئاماژە بەوە دەکات کە پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز و چارەسەری ململانێی ئێران هێشتا وەک پرسێکی هەستیار و ناڕوون ماوەتەوە و ئاسۆی چارەسەرەکان دیار نین.
ئەم ناسەقامگیرییە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست و تاران هێشتا گەرووی هورموزی بە گەمارۆدراوی هێشتووەتەوە، لە بەرامبەردا هێزی دەریایی ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ پەکخستنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران چڕتر کردووەتەوە، ئەم دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەش بووەتە هۆی ئەوەی بازاڕەکانی وزە لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا بمێننەوە و نرخەکان بە بەرزی بمێننەوە.