ئێران پێشنیازێکی نوێ بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا ئامادە دەکات

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە تاران پێشنیارێک نوێی بۆ بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادە کردووە.

ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا)، ئەمڕۆ ١ی ئایار رایگەیاند کە ئێران ئێوارەی پێنجشەممە دەقی نوێترین گەڵاڵەی دانوستانی خۆی، بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رادەستی پاکستان کردووە.

هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆس، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی رادەستکردنی گەڵاڵەکەی ئێران بە پاکستان، لە زاری سەرچاوەیەکی ناوچەییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەم دەقە کاردانەوەی تارانە بەرامبەر بە دوایین چاکسازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەبارەت بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێ، لە نوێترین هەوڵدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، تاران لە رێگەی نێوەندگیرە هەرێمییەکانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتۆن و لەو پێشنیازەدا ئێران ئامادەیی نیشانداوە هێرشەکانی لە تەنگەی هورمز رابگرێ، لە بەرامبەردا ئەمریکا کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێ و دانوستاندنە ئەتۆمییەکانیش بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێن.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پێشنیازە کۆنەکەی ئێرانی سەبارەت بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ باسکردنی پرسە ئەتۆمییەکان رەتکردبووەوە. دوای ئەوە راگەیەندرا کە بڕیارە ئێران دەقێکی پێشنیازکراوی نوێ پێشکەش بکات.




PM:05:07:01/05/2026