ئەمریکا ٥٠٠٠ سەرباز لە ئەڵمانیا دەکشێنێتەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند" کە پیت هێگست وەزیری جەنگی ئەمریکا فەرمانی کشانەوەی نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵی داهاتوودا دەرکردووە."

سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ئاشکرای کرد کە واشنتۆن "پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری" هێزەکانی لە ئەڵمانیا دەکات و بڕیاری کۆتایی "بە کورتی" دەدات.

شۆن پارنێل وتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی شەش بۆ ١٢ مانگی داهاتوودا کشانەوەکە تەواو بێت.


ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە باج لەسەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی هاوردەکراو لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ٢٥% بەرزدەبێتەوە.

ترەمپ یەکێتی ئەوروپای بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنێکی بازرگانی کە هاوینی ڕابردوو واژۆ کرابوو.

هەروەها ترەمپ جارێکی دیکە هێرشێکی کردە سەر فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا. ڕەخنەکان لە مێرتز دوای ئەوە دەستی پێکرد کە ڕۆژی دووشەممە لە وتارێکیدا ڕایگەیاند کە ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان واشنتۆنی "زەلیل" کردووە.

لە وتارەکەدا فریدریش مێرتز بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپیشی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "بەبێ ستراتیژییەکی ڕوون" دەچنە شەڕەوە.

ترەمپ لە وەڵامدا وتی کە مێرتز "پێی وایە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، نازانێت باسی چی دەکات.”

سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر سزادانی ئەو هاوپەیمانانەی کە نەیانویستوە پاڵپشتیی جەنگی دژی ئێران بکەن، یان بەشداری بکەن لە هێزی پاراستنی ئاشتی لە تەنگەی هورمز. 
 
تره‌مپ رۆژی پێنجشەممە ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە هێزەکانی ئەمریکا لە ئیتالیا و ئیسپانیاش بکشێنێتەوە و گوتی، "ئیتالیا هیچ یارمەتییەکی نەداوین و ئیسپانیاش زۆر خراپ بووە؛ بەڵێ، پێدەچێت [بیانکێشمەوە]، بۆچی نەیکەم؟"
 




AM:11:28:02/05/2026