وەزیری دادی ئێران هۆشداری لە هەوڵەکانی لێکترازانی ناوخۆیی بەهۆی ئەمریکاوە دەدات

 وەزیری دادی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند'' ئەمریکا و ئیسرائیل دوای شکستیان لە مەیدانی جەنگدا ئێستا هەوڵدەدەن لە ڕێگەی دروستکردنی لێکترازان لە ناو پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێراندا پەرە بە ململانێکان بدەن.

ئەمین حوسێن رەحیمی داوای هۆشیارییەکی زۆری لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەوڵانەی کە سەقامگیری وڵات دەکەنە ئامانج بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی کە ئاگربەست لەگەڵ واشنتن کۆتایی هاتووە

سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و پرسی جەنگ و ئاشتی وەزیری داد جەختی کردەوە، بڕیارە چارەنووسسازەکان تەنها لە ناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا دەدرێن و لە سەرووی هەموویانەوە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بەرپرسە لە داڕشتنی ستراتیژییەکان کە پێویستە بە ڕەزامەندی کۆتایی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بێت و دووپاتیشی کردەوە کە پابەندبوون بەم سیستەمە تاکە گەرەنتییە بۆ پاراستنی مافەکانی گەل و ئاسایشی نیشتمانی

ئەم هۆشدارییانەی تاران لە کاتێکدایە کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش ئاماژەی بە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کردووە بەڵام لایەنی ئێرانی بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەو لێدوانانە و وەزیری دادیش بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە بوونی ناکۆکی لە ناوخۆی ئێراندا دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە ڕێککەوتن و ئاشتی لە ناوچەکەدا و کۆی پرۆسەکەی گەڕاندەوە بۆ بڕیاری ناوەندی دەوڵەت



PM:07:35:02/05/2026