کەشتیەکی نەوت هەڵگر دەڕفێندرێت

‌ئەرشیف، کەشتیەکی نەوت هەڵگر

ماڵپەڕی مەرین ترافیک لە زاری پاسەوانانی کەناراوەکانی یەمەنەوە بڵاویکردەوە کە کەشتی یوریکای نەوت هەڵگر لەلایەن "چەتەی دەریایەوە" رفێندراوە.

شەممە، ٢ ئایار ٢٠٢٦، بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەرەکە کەشتیی یوریکا (EUREKA) لە پارێزگەی شەبوەی یەمەن لەلایەن گرووپێکەوە دەستی بەسەردا گیراوە کە "چوونەتە سەری، کۆنترۆڵیان کردووە و دواتریش بەرەو کەناراوەکانی سۆماڵ جووڵەیان پێکردووە."

یوریکا کەشتییەکی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکانە و ئاڵای وڵاتی تۆگۆی لەسەرە لە کۆتایی مانگی ئاداردا لە بەندەری فوجەیرەی ئیمارات بیندراوە.

ببەپێی راپۆرتێکی هێزی دەریایی یەکێتیی ئەوروپا، لە هەفتەکانی رابردوودا هێرشەکان دووبارە زیادیان کردووەتەوە. ناوەندی ئاسایشی دەریایی لە زەریای هیندستان (MSCIO) ئاشکرای کردووە، ئۆپەراسیۆنی (ئەتالانتا)ـی سەر بە یەکێتیی ئەوروپا لە سۆماڵ، تەنیا لە کۆتایی مانگی نیساندا چاودێریی سێ هێرشی کردووە.

مانگی رابردووش کەشتییەکی دیکە لە کەنداوەکەی عەدەن لەلایەن گرووپێکی نوێی چەتەکانەوە رفێندرا کە لە شارۆچکەی گەراکاد لە هەرێمی پونتلاندی باکووری رۆژهەڵاتی سۆماڵەوە کاردەکەن.
 
لە  دوای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ شوباتەوە و بە گەمارۆدانی گەرووی هورمز لە ١٣ نیسانەوە گۆڕانکاری لە جوڵەی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان دروست بووە. 




PM:09:46:02/05/2026