رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکاو ئێران گەیشتۆتە حاڵەتیکی مەترسیدار


سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا بۆ تۆڕی "ئاکسیۆس" وردەکاریی پێشنیازێکی نوێی ئێرانیان ئاشکرا کردووە کە سنورێکی کاتی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان دادەنێت، لە بەرامبەردا ئەمریکا ئامادەباشییەکی سەربازی بێ پێشینەی لە دەریای عەرەب کردووە، ئاماژە بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی سەخت دەکات.

 ڕاپۆرتەکەی کاسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە کە تاران پێشنیازێکی چوارچێوەیی لە ١٤ خاڵ پێشکەش کردووە، کە تێیدا مۆڵەتی تەنها یەک مانگ دیاری دەکات بۆ دانوستان لەسەر:

- کردنەوەی تەواوی گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتیدا.

- کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کە خراوەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.

- گەیشتن بە کۆتایییەکی هەمیشەیی و گشتگیر بۆ جەنگ لە ئێران و لوبنان.

- بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئێران مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت سەرەتا ئەم ڕێککەوتنە واژۆ بکرێت، پاشان خولێکی تری دانوستان بۆ ماوەی مانگێکی دیکە دەستپێبکات بۆ هەوڵدان بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکە؛ ئەمەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی لەپێشینەکانی دانوستان لەژێر فشاری مەیدانیدا.

- لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ هیچ نەرمییەکی بەرامبەر پێشنیازەکەی ئێران نیشان نەداوە؛ ڕۆژی شەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەگەر تاران هەڵسوکەوتی خراپ بکات، ڕەنگە دەستبەجێ فەرمانی ئەنجامدانی کارێکی سەربازی نوێ بدات. 
کاتێکیش دەربارەی ئەگەری وەشاندنی گورزی نوێ پرسیاری لێکرا، ترەمپ بە ڕوونی وتی: "ئەگەر کارێکی خراپ بکەن.. بێگومان ئەوە (گورزی سەربازی) دەکرێت ڕووبدات."

- هاوکات لەگەڵ ئەم مشتومڕە دیپلۆماسییە، ترەمپ لەلایەن ئەدمیراڵ "براد کوپەر"، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی فەرماندەیی ناوەندی، ئاگاداری پلانە جەنگییە نوێکراوەکان بووە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و دەریایی بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی ناو ئێران بە مەبەستی شکاندنی ئەو بنبەست گەیشتنەی ئێستا.

کاسیۆس بڵاویکردۆتەوە، وەک پەیامێکی مەیدانی بەهێز، ئەدمیراڵ کوپەر ڕووی لە ناوچەکە کردووە و ڕۆژی شەممە لەگەڵ سەربازە شەڕکەرەکان لەسەر پشتی کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" لە دەریای عەرەب کۆبووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئامادەیی واشنتۆنە بۆ گۆڕینی هەڕەشەکان بۆ کرداری سەربازی لە ئەگەری شکستهێنانی ڕێڕەوی دانوستانەکان.




PM:03:27:03/05/2026