هێرش کرایە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانیا لە کەناراوەکانی ئێران

ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ناسراو بە UKMTO هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی گەورەی بارهەڵگر لە دووری ١١ میل لە ڕۆژئاوای شاری سیریکی کەناراوەکانی ئێران.

داواشی لە تەواوی کەشتییە بازرگانییەکان کردووە لە کاتی تێپەڕبوونیان بەو ناوچەیەداوپەڕی وریایی بنوێنن و هەر جوڵەیەکی گوماناوی دەستبەجێ ڕابگەیەنن.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان کەشتییە بارهەڵگرەکە بەرەو ئاراستەی باکوور گەشتی کردووە و لە لایەن چەند بەلەمێکی بچووکەوە ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە بەڵام کاپتنی کەشتییەکە دووپاتی کردووەتەوە کە تەواوی ستافەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی ژینگەییش بەهۆی هێرشەکەوە نەکەوتووەتەوە و لە ئێستاشدا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ دیاریکردنی ناسنامەی هێرشبەرەکان و هۆکاری پشت ڕووداوەکە.

ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە ناوچەی تەنگەی هورمز و کەناراوەکانی ئێران لەوپەڕی گرژییە ئەمنی و سەربازییەکاندا دەگوزەرێن و هەر جۆرە هێرشێکی لەم شێوەیە دەتوانێت کاریگەری قورس لەسەر هێڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی دەریایی ناوچەکە دروست بکات کە وەک یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا هەژمار دەکرێت.




PM:07:44:03/05/2026