وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەرگرتنی وەڵامی ئەمریکا ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پێشنیازی وڵاتەکەی دەکەن بۆ لادانی مینە دەریاییەکان لە تەنگەی هورمز و ڕایگەیاند'' ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە.''

هاوکات ڕاوێژکاری وتەبێژی وەزارەتەکە بۆ کەناڵی جەزیرە ئاشکرای کرد کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر وەڵامی لایەنی ئەمریکییان لەسەر پێشنیازەکان بەدەست گەیشتووە و لە ئێستادا لە ژێر لێکۆڵینەوەی ورددایە

بەپێی زانیارییەکانی لایەنی ئێرانی حکومەتی ئەمریکا کۆمەڵێک هەموارکردنی بۆ پێشنیازەکەی تاران ناردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران خەریکی تاوتوێکردنی ئەو گۆڕانکارییانەن بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندنەکان جارێکی دیکە لە ڕێگەی دەوڵەتی پاکستانەوە وەک ناوبژیوان وەڵامەکان بۆ واشنتن بنێرنەوە، ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانەش لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکاندایە بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئاڵۆزییەکان.

ڕاوێژکاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی و ئێستای ئێران تەنها جەختکردنەوەیە لەسەر کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا هەیە و چەندین جار ئەم هەڵوێستەیان بە فەرمی ڕاگەیاندووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تاران دەیەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی نامە دیپلۆماسییەکانەوە بگاتە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە بهێنێت و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە



PM:08:31:03/05/2026