دەسەڵاتی دادوەری لەسێدارەدانی سێ کەسی دیکە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوو لە ئێرانداا ڕادەگەیەنێت.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دەڵێت سێ بەندکراوی دیکەی لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوو، ئەمجارەیان لە مەشهەد لەسێدارەداوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەنراوەکە، مێهدی ڕەسووڵی و محەمەد ڕەزا میری بە تۆمەتی "ڕۆڵی ڕاستەوخۆ" لە کوشتنی حەمید ڕەزا یوسفین ژاد کە بە "هێزی ئەمنی" ناوزەد کرابوو، لەسێدارە دراون.
دەسەڵاتی دادوەری ئەو دوو کەسەی وەک "سیخوڕی موساد" لە مەشهەد ناساندووە، بەڵام پارێزەرەکەیان، مەرزیە موحێبی، دەڵێت" هەردووکیان کرێکاری تەمەن ٢٥ و ٢١ ساڵ بوون کە سزاکانیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە و کاتژمێر ١٠ی بەیانی یەکشەممە لە گۆڕستان تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوە".
هەروەها دەسەڵاتی دادوەری لەسێدارەدانی ئیبراهیم دەوڵەت ئابادی لە مەشهەد ڕاگەیاند و بە "یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی نائارامییەکانی ناوچەی تەبارسی" ناساند.
لە بەیاننامەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە کە ناڕەزایەتییەکانی دەڤەری تەبارس کوژرانی "ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی" لێکەوتووەتەوە.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێکردنی ئەم حوکمانە، لە سەرەتای شەڕی ئەم دواییە لانیکەم ٣٠ زیندانی لە سێدارە داوە، کە یان ئەندامی گرووپە دژە حکومەتەکان بوون، یان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کراون، یان ڕووبەڕووی تۆمەتی گوماناوی وەک "سیخوڕی” بوونەتەوە.
لەسێدارەدانەکان دوای شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان لە ئێران دێت کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ دروستکردنی ترسی گشتی دوای ناڕەزایەتییەکان و لە ناوەڕاستی شەڕێکدا وەسفی دەکەن.