ئێران کەشتییەکی ئیماراتی کردە ئامانج

رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند کەشتییەکی بارهەڵگری گەورەی ئیمارات کە بە نزیک تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی، لەلایەن چەندین بەلەمی ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر.

رێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، کاپتنی کەشتییەکە پشتڕاستیکردووەتەوە هەموو تیمی کەشتیوانییەکەی سەلامەتن و هیچ زیانێکیش نەبووە و شوێنی هێرشەکە نزیکەی ١١ مایل لە شاری سیریک لە کەناراوەکانی ئێران دووربووە.

ئاژانسی هەواڵی فارس نزیک لە سوپای پاسداران رەتیکردەوە دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتبێت و جەختی لەوە کردەوە، کەشتییەکە لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە راگیراوە وەک بەشێک لە رێکارە چاودێرییە رۆتینییەکان بۆ پشکنینی بەڵگەنامەکان.

ئەم رووداوە دەریدەخات تاوەکو ئێستا هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان و کەشتییە بارهەڵگرە بازرگانییەکان ئەستەمە کە بەنیازن بە تەنگەی هومرزدا تێپەڕن.




PM:12:40:04/05/2026