ئیمارات ڕووبەڕووبووی هێرشێکی موشەکی دەبێتەوە و داوا لە دانیشتووان دەکات پەناگەی ئارام بگرن

دەستەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی باری نائاسایی و قەیرانەکان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات ڕایانگەیاند'' بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان لە ئێستادا خەریکی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەیەکی موشەکین کە ئاسمانی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج.''

داوایان لە سەرجەم دانیشتووان کردووە بۆ پاراستنی گیانیان لە شوێنە ئارامەکاندا بمێننەوە و تەنها لە ڕێگەی سەرچاوە فەرمییەکانەوە چاوەڕێی زانیاری و ڕێنمایی نوێ بن تاوەکوو کۆتاییهاتنی مەترسییەکە.

لەلای خۆشیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند'' چوار مووشەکی "جواڵە" (کرووز) لە لایەن ئێرانەوە بەرەو ئاراستەی وڵاتەکە بینراون، لەو ژمارەیەش سێ مووشەکیان بە سەرکەوتوویی بەرپەچدرانەوە و تێکشێندراون، مووشەکی چوارەمیش لە ناو دەریا کەوتووەتە خوارەوە.''

هەروەها دەڵێت'' ئەو دەنگانەی لە چەند ناوچەیەک بیستراون، دەرەنجامی بەرپەرچدانەوەی سەرکەوتووانەی سیستەمی بەرگری بووە بۆ ئەو هەڕەشە ئاسمانییانەی کراونەتە سەر وڵات.''

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی ڕابردوو دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی نوێی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕزگارکردنی ئەو کەشتییە بارهەڵگرانە ڕاگەیاند کە لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە و ئەمەش وایکردووە ئاستی ئامادەباشی سەربازی لە کەنداو بگاتە بەرزترین ئاست و گریمانەی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا زیاد بکات




PM:07:36:04/05/2026