ترەمپ هەڕەشەی سڕینەوەی ئێران دەکات

 سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووز توندترین هەڕەشەی ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.

دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند'' هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئازادیدا ببێتە هۆی وێرانکردنی تەواوەتی ئەو وڵاتە.''


جەختیشی کردەوە کە ئەگەر تاران ئەو سەرکێشییە بکات ئەوا لەسەر ڕووی زەوی دەسڕێتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە فشارەکان کاریگەرییان هەبووە و هەست دەکات لایەنی ئێرانی لە دانوستانەکاندا نەرمتر بووە

سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ئامادەیی بێوێنەی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لەسەر ئاستی جیهان و ڕایگەیاند کە بنکە سەربازییەکانیان لە هەموو شوێنێک پڕکراون لە چەک و تەقەمەنی نوێ و کوالێتی بەرز کە پێشتر هاوشێوەیان نەبووە و دوودڵ نابن لە بەکارهێنانی ئەو هێزە گەورەیە ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن و دڵنیاییشیدا کە پڕۆسەی ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئامانجەکانیان دەپێکن

ئەم لێدوانەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی گرژییەکانی گەرووی هورمز بۆ ئاستێکی مەترسیدار کە تێیدا ئەمریکا ئۆپراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی بۆ کردنەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان دەستپێکردووە و دەیەوێت بە هێزی سەربازی کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکان بهێنێت کە ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە بەردەم ئەگەرەکانی جەنگێکی گشتگیر و وێرانکەر کە ڕەنگە نەخشەی سیاسی ناوچەکە بە تەواوی بگۆڕێت



PM:08:27:04/05/2026