سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە خێرایی دادەبەزێت
دۆناڵد ترەمپ، جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا تاران نە سەرکردایەتی و نە هێزی ئاسمانی و نە هیچ توانایەکی کاریگەری ماوە چونکە زۆربەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئاراستەی ئیمارات کرابوون پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان سەرجەمیان خراونەتە خوارەوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە لێکۆڵینەوەی ورد لە هێرشەکەی سەر کەشتییە بارهەڵگرەکەی کۆریای باشوور لە گەرووی هورمز دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران هیچ بەرپرسێکی دەریایی نەبوو لە کاتی ئەو هێرشەدا کە ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ پەککەوتنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی هێزەکانی تاران دەبینرێت و واشنتن دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم لێکۆڵینەوانەوە وردەکاری زیاتر لەسەر ئاستی لاوازییەکانی لایەنی بەرامبەر بخاتە ڕوو.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەندەرەکانی ئیمارات نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی ١١٥ دۆلار و نەوتی ئەمریکیش بۆ ١٠٦ دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی.