دوای ئەوەی دوێنێ نرخی نەوت بەهۆی گرژییەکانەوە بازدانێکی گەورەی بەخۆوە بینی، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی ١.١٪ دابەزی و گەیشتە ١١٣.٢٢ دۆلار و نەوتی تەکساسی ئەمریکیش بە ڕێژەی ١.٩٪ نرخەکەی لەدەستدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزی دەریایی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەستپێکردووە و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئێران خەریکە کۆنترۆڵی ئەو ڕێڕەوە گرنگە لەدەست دەدات کە ئەمەش هیوای بۆ گەڕانەوەی ئاسایی گواستنەوەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە
سەرکەوتنی سوپای ئەمریکا لە یاوەریکردنی کەشتییەکی گەورەی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل بە ناوی ئەڵایەنس فەیرفاکس کە ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی هەڵگرتبوو و تێپەڕبوونی بە سەلامەتی لە تەنگەی هورمزدا بووەتە هۆی ڕەواندنەوەی بەشێک لە مەترسییەکانی پچڕانی دابینکردنی وزە لە جیهاندا.
شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکانیش پێیان وایە ئەم هەنگاوە نیشانەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ ئەوەی کە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە ژێر سایەی چاودێری سەربازیدا دەکرێت ڕووبدات و کاریگەری لەسەر هێورکردنەوەی نرخەکان هەبێت.