ئێران هەڕەشەی وەڵامی یەکلاکەرەوە دەکات

هێزی دەریایی ئێران فەرمانی بە هەموو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان کردووە کە تەنیا ئەو رێڕەوانە بەکاربهێنن کە تاران بۆ گەرووی هورمزی دیاری کردوون، و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات لە ئەگەری هەر لادانێک لەو رێڕەوانە.

سێشەممە ٥ی ئایاری ٢٠٢٦، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "فارس"، هێزی دەریایی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هەموو کەشتییە تێپەڕبووەکان لە گەرووی هورمز، پابەندی ئەو رێڕەوانە بن کە لەلایەن تارانەوە دەستنیشان کراون.

هێزی دەریایی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کەشتیگەلی نێودەوڵەتی کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئەو کەشتیانەی کە لە ڕێڕەوە دیاریکراوەکانی ئێران لادەدەن، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەبنەوە."

هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران نەخشەیەکی نوێیان بڵاو کردەوە کە تێیدا ناوچە دەریاییەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان فراوانتر کردووە. بەپێی نەخشەکە، سنووری هەژموونی ئێران لە گەرووی هورمز تێپەڕی کردووە و ئێستا بەشێکی درێژ لە کەناراوەکانی دەوڵەتی ئیمارات دەگرێتەوە.




PM:10:06:05/05/2026