نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک پاشەکشەی بەخۆوە بینی و ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ ١٠٧.٩٨ دۆلار دابەزی و نەوتی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتە ١٠٠.٤٤ دۆلار.
ئەم دابەزینە خێرایە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕایگەیاند کە بۆ ماوەیەکی کورت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە گەرووی هورمز ڕادەگرن وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
شارەزایانی بواری وزە پێیان وایە لێدوانە نوێیەکانی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی ڕوونن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و زەمینە خۆش دەکەن بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی لە ناوچەی کەنداودا گیریان خواردووە، ئەنها فام پسپۆڕی باڵای توێژینەوەی نەوت لە (LSEG) دەڵێت'' ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی وردە وردە بڕی خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕەکان زیاد بکاتەوە و ئەو فشارە گەورەیەی لەسەر نرخەکان هەبوو کەمبێتەوە کە لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی.''
سەرەڕای ئەم ئاماژە ئەرێنییانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گەمارۆدانی توندی بەندەرەکانی ئێران تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی واژۆ دەکرێت.
تاران تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بەرامبەر ئەم پێشنیارە نوێیەی واشنتن نیشان نەداوە بەڵام بازاڕەکان بە گەشبینییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن و چاوەڕوان دەکرێت بەردەوامی هێوربوونەوەی دۆخی گەرووی هورمز نرخەکان زیاتر بەرەو نزمبوونەوە ببات و سەقامگیری بۆ ئابووری جیهانی بگەڕێنێتەوە.