تاران تاوتوێی پێشنیازە ١٤ خاڵییەکەی ئەمریکا دەکات

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی بە فەرمی دەستی کردووە بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بۆ ئەو پێشنیازە ئاشتییە ١٤ خاڵییەی کە لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە ئاراستەیان کراوە.

ئیسماعیل بەقایی، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانیان وەڵامی کۆتایی تاران لە ڕێگەی لایەنی پاکستانییەوە دەگەیەننە واشنتن.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باس لە نزیکبوونەوەی هەردوولا دەکەن بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی یەک لاپەڕەیی کە ئامانج لێی ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگ و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانە.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوایین هۆشداریی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند'' کۆتاییهاتنی ئەو گەمارۆ دەریاییە یەکجار کاریگەرەی کە سەپاندوویانە تەنها بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندی ئێران لەسەر مەرجەکانی ناو ڕێککەوتنەکە.''

ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەگەر تاران مەرجەکان قبوڵ بکات ئەوا تەنگەی هورمز بە ڕووی هەموو جیهان و خودی ئێرانیشدا دەکرێتەوە و زەمینە بۆ سەقامگیرییەکی هەمیشەیی دەڕەخسێت بەڵام ئەگەر تاران ئەم دەرفەتە لەدەست بدات ئەوا بژاردە سەربازییە توندەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و گەمارۆکە بەردەوام دەبێت.



PM:04:53:06/05/2026