وردەکاریی پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئێرانی بڵاودەکرێتەوە

کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، پلانێکی ناوخۆیی بۆ ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادە کراوە کە تێیدا قۆناغێکی دانوستانی ٣٠ ڕۆژە دەستپێدەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی وەک دۆسیەی ئەتۆمی و ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی تاران لەگەڵ ڕێکخستنی کاروباری ئەمنیی گەرووی هورمز.

بەپێی بەڵگەنامە پێشنیازکراوەکان تاران دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ ڕابگرێت کە ئەمەش وەک نەرمییەک لە لایەن واشنتنەوە دەبینرێت چونکە پێشتر داوای ٢٠ ساڵی دەکرد و ئێستا هەردوولا لە لێواری گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی مێژووییدان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی ئاژانسی ئیسناوە پشتڕاستی کردەوە کە پێشنیازە ١٤ خاڵییەکەی ئەمریکایان پێگەیشتووە و ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی وردن بۆ ناوەڕۆکەکەی تاوەکو وەڵامی کۆتایی لە ڕێگەی دەوڵەتی پاکستانەوە بگەیەننە کۆشکی سپی.

هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە کە نەخشەڕێگەکە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان لە ماوەی مانگێکدا دەگرێتەوە و لە بەرامبەردا تاران پابەند دەبێت بە ڕەوانەکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ دەرەوەی وڵات و پێشکەشکردنی گەرەنتی بۆ نەگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی.





PM:06:50:06/05/2026